کورتەیەک لە بارەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس ـەوە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (لەدایکبووی ١٩٠١ لە گوندی گوێزەکوێرەی، مەریوان، ئێران – مردووی ٢٩ لەسەر ٣٠ی ئابی ٢٠٠٥ لە بەغدا، عێراق) نووسەر، زانای ئایینی، شاعیر و موفتیی کوردی سەدەی بیستەمە. ئەو زیاتر لە ٦٠ پەرتووکی ئایینی، مێژوویی و وێژەیی بڵاو کردووەتەوە. ھەروەھا تەفسیری قورئانی بە زمانی کوردی و عەرەبی ھەیە. ساغکردنەوە و شیکردنەوەی چەندین شاکاری شیعری کلاسیکی کوردی لە کارە گرنگەکانی تری ئەم کەسایەتییەیە. نموونەی ئەو شاعیرانە بریتین لە مەولەوی، نالی، مەحوی، فەقێ قادری ھەمەوەندی.

ژیاننامە
ئەگەرچی زۆربەی سەرچاوەکان دەڵێن لە دێی تەکیەی ناوچەی خورماڵ لەدایکبووە،[١] بەڵام لە ڕاستیدا لە ماوەی ساڵانی ١٨٩٩ تا ١٩٠١دا لە گوندی گوێزەکوێرەی سەر بەشاری مەریوان ھاتووەتە دنیاوە[٢][٣] و ناوی تەواویشی عەبدولکەریم کوڕی محەممەد کوڕی فەتاح کوڕی سلێمان کوڕی مستەفا کوڕی محەممەد خەجێ لە عەشیرەتی قازییە.[٤] سەرەتا خوێندنیشی بە قورئان و پەرتووکە ئایینییەکان دەست پێکردووە و گوندەکانی بەیەڵە و بالک و کانی سانان و دەرەتفێ و دووڕۆ گەڕاوە. لەسەرەتای ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھانیشدا لە مزگەوتی مەڵکەندی شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و دواتر چووەتە مزگەوتی مەلا محەممەد ئەمین بالیکەدەری و لە ساڵی ١٩٢٤ یشدا لە ئاھەنگێکی فراواندا لە شاری سلێمانی مۆڵەی مەلایەتی لەسەر دەستی زانای ئایینی شێخ عومەری ئیبن قەرەداغی وەرگرتووە. دواتر بووە بە مەلای گوندی نێرگسەجار تا لەسەر داوای حەزرەتی شێخ عەلائەددین نەقشبەندی دێتە بیارە کە بە ئەزھەری کوردستان ناسراوە و ڕۆژانە سەدان کەس سەردانیان کردووە. لە ڕاستیدا نازناوی مودەڕڕیس بۆ مامۆستا دەگەڕێتەوە بۆ وانەبێژی خانەقای بیارە کە لەوێ بە ماوەی ٢٥ ساڵ خزمەتی زانست و فەرھەنگی کوردی کردووە.
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە ساڵی ١٩٦٠ لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەناونیشانی «مودەریس» دامەزراوە، زیاتر لە ٥٠ فەقێ لەسەردەستی مۆڵەتی زانستییان وەرگرتووە، ھەر لەو کاتەوە بەبێ پشوودان خەریکی وانەوتنەوە بووە لە زانستە شەرعی و وێژەی و عەرەبییەکاندا. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس چەندین پەرتووک و بەرھەمی وەک نووسینەوەی ژیان و بەسەرھات و شیعری چەندین شاعیری وەک مەولانا خالید و «شێخ عوسمان و سەراجەدین»ی بڵاوکردووتەوە، ھەروەھا چەندین شیعریشی لەژێر نازناوی «نامی» دا بڵاوکردووەتەوە، ھەروەھا ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە بەکوردی کردنی فیقھی ئیسلامی و تەفیسری قورئان و تەجویدەکەیدا.

خەمڵاندن
مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیشدا بە زانایەکی گەورە ناسراو بووە و خاوەنی توانای فتوای ئایینی بووە، بۆیە چەندین ساڵ پۆستی سەرۆکایەتی «کۆمەڵەی زانایانی عێراق»ی بەدەستەوە گرتبوو، لەوەش گرنگتر لەم ساڵانەی دوایی ٣ ھەزار زانای ئایینی سوننی ڕێڕە و کە لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق ھاتبوون و لە بەغدا کۆبوونەوە، بەبێ بەشداریکردن و ئاگاداری خۆی جەنابی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بە سەرۆکی (الامانە العلیا للافتاو و التدریس و البحوپ و التێوف) ھەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر ئەوەی باری تەندروستی ناجێگیربوو ئەو پۆستەی ڕەتکردبووەوە. وێڕای ئەوەی ماوەیەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری عێراق-دەستەی کورد بووە، ھەروەھا باوەڕپێکراوی کۆڕی زانیاری وڵاتی ئەردەنیش بوو. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لەتەمەنی ١٠٤ ساڵیدا و لە کاتژمێر ١٢ی شەو لەسەر ٣٠ی ئابی ٢٠٠٥ لە شاری بەغدا کۆچی داویی کرد.
سەرچاوە: وێکیپێدیا